٤ ئەیلوول ٢٠١٦ - ١٩:٠٥
نزیکبوونەوەی ئەمریکاو ڕووسیا لە ڕێککەوتن لەسەر قەیرانی سووریا

وەزیریاری دەرەوەی ڕووسیا باسی نزیک بوونەوەی مۆسکۆ و واشنگتۆنی کرد بۆ ئیمزا کردنی ڕێککەوتننامە لەبارەی قەیرانی سووریا.

بە پێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، سێرگئی ڕیابکۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ یەکشەممە بەئاماژە بە قەیرانی سووریا ، وتی: هێچ هۆیەک لەئارادانییە بۆ شکست هێنان و بێ ئاکام بوونی دانوستانەکانی ئەمریکاو ڕووسیا و دوولایەن نزیک بوونەوە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەک لەبارەی سووریا.

ریابکۆف وتیشی: ئەمریکاو ڕووسیا سەبارەت بە جیاوازی دانان لەنێوان گرووپە ڕەشەکوژەکان و "نەیارانی میانەڕەو" گەیشتووەنەتە کۆدەنگی.

جان کەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بۆ بەشداریی لە دانیشتنی گرووپی بیست چووەتە چینیش بەئاماژە بە قەیرانی سووریا وتی: بەشی زۆر بابەتە تەکنیکییەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەمریکاو ڕووسیا سەبارەت بە سووریا ، چارەسەر بووە، بەڵام هەندێ بابەت، هەروا ماونەوە.

ستێفان دی میستورای نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریاش ڕایگەیاند کە ڕووسیاو ئەمریکا بەزوویی لەسەر سووریا ڕێک دەکەون.

پتر لە پێنج ساڵە کە گرووپە ڕەشەکوژەکان، بەیارمەتی هەندێ وڵاتی ناوچەو ڕۆژاوایی، لەدژ دەوڵەتی یاسایی سووریا ، چەکیان گرتووەتە دەست و بە قەیران نانەوە لەو وڵاتە، هەزاران کەسیان خەڵتانی خاک و خوێن کردووە...

کۆتایی کورتە نامە/310